بۆ كچه نان فرۆشی سه‌ر جاده(چاوه)
ئه‌ی كچه نان فرۆشه‌كه
شه‌و دره‌نگه
هه‌تا كه‌ی ناگه‌ڕێیه‌وه؟
دره‌نگ وه‌خته و شار بێ خاوه‌ن
تا كه‌ی له سه‌ر ئه‌م جاده‌یه ئه‌مێنیه‌وه؟
ئه‌تبینم سرک و بێ ئۆقره‌ی
وه‌ک بێچووه ئاسكی به‌جێماو
به جێ پێته‌وه به‌ن نابی
به‌م لاو ئه‌و لاتا ئه‌ڕوانی
هه‌ڵئه‌ستی، دائه‌نیشیه‌وه
نانه‌كانی فه‌رغوونه‌كه‌ت ئه‌ژمێریه‌وه
به‌م ده‌ست ئه‌و ده‌ستت ئه‌گڵۆفی و ئه‌ڵێی:
"چ بكه‌م؟
شه‌و دره‌نگه و
فه‌رغوونه‌كه‌م هێشتا نانی تێدا ماوه"
«» «» «» «»
ئه‌ی خوشكه نان فرۆشه‌كه‌م!
باریكه‌ڵه‌ی ڕوومه‌ت سووتاو!
شار دامركا،
جاده چۆل بوو،
كۆڵان ته‌واو تاریک داهات،
ڕێی ماڵه‌كه‌ت چاونه‌بینه
هه‌تا كه‌ی ناگه‌ڕێیه‌وه بۆ ئه‌و ماڵه ڕه‌ش و ڕووته‌ت؟
دایكی هه‌ژار دڵ له دواته،
دڵداره قاچ قوڕاوییه‌كه‌ت چاوه‌ڕێته،
- كوڕه جیرانی ئازیزت،
وا گشت ڕۆژێک ئێوارانه
پاش ده سه‌عات قوڕه‌كاری
سه‌رت ئه‌دا؛
به ڕوانینه گراوییه‌كه‌ی
سوورایی ئه‌زێته گۆنات
پزیسک ئه‌پژێته چاوانت
چۆله‌كه‌ی ئه‌و دڵه ناسكه‌ت
باڵه‌فڕه‌ی پێ ئه‌كه‌وێ -
نازانم ئه‌مشه‌و بۆ نه‌هات به شوێنتدا،
بێ و نه‌بێ له تاو شه‌كه‌تی
ئه‌و هه‌ژاره‌ش
وه‌ک سه‌خری كه‌ساس كه‌وتووه
«» «» «» «»
ده هه‌سته پێ!
فه‌رغوونه‌كه‌ت وه پێش خۆت ده!
كیژۆڵه نان فرۆشه‌كه‌م!
شه‌و دره‌نگه
كه‌س نه‌ماوه
ئه‌و زگتێره ناكه‌سانه،
وا بۆ دوو نان
چوار جار مووچه‌ی نانه‌كانت ئه‌شێوێنن،
ئه‌و چاودڕاوه په‌ستانه
وا له گه‌ڵ هه‌ر تمه‌نێكدا
دوو قسه‌ی سووكت پێ ئه‌ڵێن
تفیان لێ كه!
نانی ئه‌و ده‌سته پاكانه‌ت
مه‌فرۆشه به‌و ناپاكانه
«» «» «» «»
ئه‌ی خوشكه چاو سووتاوه‌كه‌م!
خۆزگه ئه‌مزانی شه‌وانه،
ئه‌و كاتانه له گه‌ڵ دایكت
له به‌ر نێڵه‌ی گڕا هه‌تا ده‌مه و به‌یان
ته‌پ ته‌پ نان ئه‌كه‌ن بۆ فرۆش،
خۆزگه ئه‌مزانی چی ئه‌ڵێن؟
چۆن باسی ڕزگار بوون ئه‌كه‌ن
له‌م ژیانه بێفه‌ڕه‌تان؟
+ نوشته شده در جمعه یکم اردیبهشت ۱۳۹۱ ساعت 2:9 توسط رۆژیار
|